بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جەژنی هاوڵاتیان پیرۆز دەکەن


بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە بەرپرسانی حکومی و حزبی جەژنە پیرۆزە ئاراستەی هاوڵاتیان دەکەن.

هەینی، ٢٠ ئادار ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانان لە کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم. بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادە و کەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنەوە لە پەیامەکەیدا دەڵێت "بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستان دەكەم".

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند "بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم و هیوای سەلامەتی و کامەرانییان بۆ دەخوازم".

لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی بڵاوکردوەتەوە و وتویەتی "بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. ئومێدەوارم خوای گەورە و میهرەبان، ڕۆژوو و خواپەرستیی هەموو لایەکی قبوڵ کردبێت و جەژن ببێتە مایەی شادی و ئارامی و کۆتاییهاتنی شەڕ و گرژی لە ناوچەکە و جیهان".





AM:01:33:20/03/2026