ئومێد خۆشناو: تا ئێستا نزیكه‌ی ٣٠٠ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێر

پارێزگاری هه‌ولێرئاشکرای دەکات کە  له‌ سه‌ره‌تای دروستبونی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی ٣٠٠ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر سنوری پارێزگای هه‌ولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ هه‌ینی لەدوای نوێژی جەژن له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان وتی" له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، چه‌ندین هێرشی ناڕه‌وا كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و هێرشانه‌ی كراون ناڕه‌وا و بێ پاساون و سته‌مێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت".

وتیشی" هه‌ولێر وه‌كو پایته‌خت زۆرترین هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر، نزیكه‌ی ٣٠٠ هێرش له‌و ماوه‌یه‌دا كراوه‌ته‌ سه‌ر سنوری پارێزگای هه‌ولێر".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌به‌ر ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ هه‌یه‌ و به‌پێی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، هیچ گردبونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری و ئاهه‌نگی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ ناكرێت.

پارێزگاری هەولێر دەشڵێت" به‌ڵام ناشكرێت ئه‌و جه‌ژنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ بێده‌نگی تێپه‌ڕێت، بۆیه‌ به‌ شێوازێكی سیمبولی له هه‌ولێر و له‌ هه‌رێمی كوردستان رێوڕه‌سمی دیاریكراو ئه‌نجام ده‌درێن".



AM:10:34:20/03/2026