پارێزگاری هەولێر: شەڕ بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا و دوای جەنگ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە

 پارێزگاری هەولێر رایگەیاند'' بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا، پرۆسەی بەرهەمهێنانی گاز وەستاوە و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان.''

ئومێد خۆشناو، جەختی کردەوە کە ئەو پڕۆژەیەی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەستی پێکردبوو، دەستکەوتێکی گرنگە و بڕیارە دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، کارەکانی دەستپێبکاتەوە و بگاتە ئەو گەڕەکانەشی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون.

سەبارەت بە گرفتەکانی دیکەی وەک کەمبوونەوەی گازی ماڵان، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە چەندین رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر بژێوی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمی پارێزگا بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە و گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ دۆخی جاران.





PM:05:23:20/03/2026