بەبۆنەی جەژی نەورۆزەوە هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران دۆخی ئێستای رژێمی ئێران بە قۆناغی "پەلە قاژێی مەرگ" ناوزەد دەکەن.
رۆژی هەینی هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە دەڵێن" ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مووشەک و دڕۆن بەئامانج دەگرێ؛ ئەو هێرشانە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیم لە قۆناغی سەرەمەرگە و نەک نیشانەی بەهێزبوون بەڵکوو سەلمێنەری زەبوونی و داماوییەتی".
لەو پەیامەدا هێزەکانی نێو هاوپەیمانی دەڵێن" نەورۆزی ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە لایەک حیزبە خەباتکارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێز و وزەی خەباتگێڕێیان ڕێکخستووە، لە لایەکی دیکەش هەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت ژنان بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە پشکی زیاتریان خستۆتە سەر خەرمانی دەسکەوتی خەباتی مافخوازانەمان".
پەیامی نەورۆزیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئازادیخوازان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی!
نەورۆز بۆ کورد هەر وەرزی نوێبوونەوەی سروشت نییە، بەڵکوو ڕەمزی خەبات و خۆڕاگری، هەستانەوە و ژیانەوەیە. بۆنە نەورۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژساڵە دەرفەتێک بووە بۆ بە گژداچوونەوەی سیاسەت و نەریتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ساڵێ خەڵکی کوردستان بە هیممەتی چیایی و خۆڕاگریی ئازایانە و لەبڕاننەهاتوویان چۆکیان بە خواست و ئیرادەی ڕێژیم داداوە. دەسکەوتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەورۆزییەکان گرینگ و بەبایەخ بوون، دەسکەوتێک کە ئاکامی خەبات و بەربەرەکانییەکی بەردرێژ و کۆڵنەدەرانەی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیەتی کە لەبەرانبەر هیچ چەشنە زەبروزەنگ و سەرکوت و بەکارهێنانی هەر جۆرە سیاسەت و پیلانێکی کۆماری ئیسلامیدا سەریان نەوی نەکردوە و کۆڵیان نەداوە.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕۆژەکانی کۆتایی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێ دەکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگری شەڕێکی ناوچەیی هەڵگیرساندووە. پێش ئەو شەڕەش هەزاران خۆپێشاندەری ناڕازیی لەسەر شەقامەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران کوشت و هەزاران هەزار کەسی دیکەشی خستە بەندیخانەوە. ئەوە لە تەنیشت بەردەوامیی لە پێشێلکاریی سیستماتیکی هەموو مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد و بەوەش ژیانی کوردی لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی کردووەتە دۆزەخ.
هەر ئێستاش کە لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی، و پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەڵگرتنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچە و جیهان شەڕێکی گەورەی هەڵگیرساندووە؛ ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مووشەک و دڕۆن بەئامانج دەگرێ؛ بەو مەبەست و خەیاڵەی ڕێی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگارییان لێ بەربەست بکات. بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشانە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیم لە قۆناغی سەرەمەرگە و نەک نیشانەی بەهێزبوون بەڵکوو سەلمێنەری زەبوونی و داماوییەتی.
نەورۆزی ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە لایەک حیزبە خەباتکارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێز و وزەی خەباتگێڕێیان ڕێکخستووە، لە لایەکی دیکەش هەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت ژنان بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە پشکی زیاتریان خستۆتە سەر خەرمانی دەسکەوتی خەباتی مافخوازانەمان.
لە بەرەبەری نەورۆزدا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە نە مووشەکباران و تێرۆر و، نە هیچ چەشنە گوشارێکی سیاسی و ئەمنییەتی و تەنگپێهەڵچنین پێ بە هەنگاوەکانمان شل ناکا. هەروەها بە یەکڕیزی و هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەییمان کە ئاسۆکانی سەرکەوتنمان بۆ نیزیکتر و ڕوونتر دەکاتەوە.
وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ لە خەڵکی کوردستان و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەمدواییانەی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی خوارووتری کوردستان و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چینوتوێژەکان دەکەین لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوام و لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا پارێزەری دەسکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵی ڕابردوومان بن.
لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیمانی خەبات و خۆڕاگری نوێ دەکەینەوە، بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان یاد و ناوی ڕۆڵە جوامێرەکانی نیشتمانمان بەرز ڕادەگرین و بە پێداگری لەسەر ڕوحی یەکگری و هاوپەیمانیمان بەرەو لوتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
نەورۆزی ١٤٠٥ی هەتاوی بهرامبهر به ٢٧٢٦ی کوردی