کەشوهەوا نا جێگیر دەبێتەوەو بارانی بەخور و تەرزەو مەترسی لافاو هەیە


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە دوانیوەرۆی ئەمڕۆ شەمەوە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەش ناجێگیر ئەبێتەوە و هەورە بروسکەی توند و تەرزە و بارانی بەخوڕ دەستپێدەکاتەوە، سبەینێش یەک شەممە بە هەمان شێوە دەبێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە پۆستێکدا کە بەیانی رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، دەڵێت" لە نێوان کاتەکانی عەسر بۆ ئێوارە تاوە بارانەکان بەخوڕتر ئەبن و لەهەندێ شوێندا ئەگەری بارینی تەرزەیەکی زۆریش ئەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکاندا".
لە بارەی کەمبوونەوەی کاریگەی ئەو شەپۆلەوە، ئەو پسپۆرە دەڵێت " بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو ناجێگیریە کەم ئەبێتەوە و هەورە بروسکە و تاوە باران بە رێژەی مامناوەند بەردەوامی ئەبێت" .

لە بارەی کەشوهەوای سبەینێوە یەکشەمەم ئاماژە بەوە دەکات جارێکی دیکە کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەکەش و بەرگەهەوای ناوچەکەدا چالاکتر ئەبێتەوە و شەپۆلێکی بەهێزی هەورە بروسکە و تەرزە و لێزمە باران سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە و تا کاتەکانی شەو کاریگەریەکانی ناوبەناو بەبەهێزی بەردەوامی ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشوری رۆژهەڵات لەکاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارە بەخێرای ٢٠-٣٥کم/ک و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و هەولێر خێرای باکە زیاتر ئەبێت هەندێک کات بۆ زیاتر لە 50کم لە کاتژمێرێکدا.

ئاراز جەبار ئەوەش باس دەکات، بەهێزترین ماوەی دابارینی باران و تەرزە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک و نەینەواو لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەبێت و لەو ماوەیەدا ئەگەری دروستبوونی لافاویش ئەبێت بەتایبەت لە ناوچەکانی سنوری قەزای ئاکرێ و ئامێدی و دەڤەری بادینان و بارزان بەگشتی ، لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و سۆران و گەرمیانیش لە نێوان کاتەکانی ئێوارە بۆ شەو هەورە بروسکە و بارانی بەخوڕ چالاکتر ئەبێت و لەهەندێ شوێندا ئەگەری دروستبوونی لافاو و بارینی تەرزەیەکی زۆریش ئەبێت.




AM:11:13:21/03/2026