ئه‌مڕۆ شه‌ممه نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئاهه‌نگگێڕانی نه‌ورۆز له ئامه‌د كرد. تیایدا وێڕای پیرۆزبایی بۆ نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردی، جه‌ختی له گرنگیی سه‌رخستنی ئاشتی له توركیا كرده‌وه.
نێچیرڤان بارزانی له په‌یامه‌كه‌یدا دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له سه‌رخستنی ئاشتی ده‌كات، هه‌روه‌ها دەستخۆشیی لەو هەنگاوانە كرد کە تا ئێستا بۆ سەرخستنی ئاشتی نراون و وتی "بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە."
وتاره‌كه له‌لایه‌ن دلشاد شهاب، یاریدەدەری سه‌رۆکی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی خوێندرایه‌وه، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئامادەبووانی هێژا،
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، بە گەرمی و لە دڵەوە لە تەواوی گەلی کورد و لە ئێوه‌ی ئازیز پیرۆز دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە، لە ئامەدی هێژا، بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز کۆبوونەتەوە.
نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبۆلی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادی و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئێوە کە بووەتە نەریتێکی ساڵانەی جوان له ئامه‌د، خۆی لە خۆیدا جەژنی ژیان و جوانییە و گوزارشت لە په‌رۆشی و پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکتر.
ئێمە لە کاتێکدا ئەمڕۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، دەمانەوێت پشتگیریی دڵسۆزانەی خۆمان بۆ ئاشتی دووپات بکەینەوە. بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژوویییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاقە ڕێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات.
ئێمە له دێرزه‌مانه‌وه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چاره‌نووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە ڕێگەی پێكه‌وه‌یی و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەربکەوین و بەشداری لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا بکەین.
لێرەدا سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپات دەکەمەوە کە تا ئێستا بۆ سەرخستنی ئاشتی نراون. بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاریی خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیریین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی له‌م ڕۆژگاره‌دا كه ناوچه‌كه به شه‌ڕ و ململانێی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، ئاشتی ببێتە ڕاستییەکی هه‌میشه‌یی.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان