عەفرین.. قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا و هێرشکرایە سەر بەشداربووانی نەورۆز

بەپێی دوایین زانیارییەکانی میدیای رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەفرین بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی لە ناو شارەکەدا دەرکرد.

‎ئەمەش دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی توندڕەوی عەرەب هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی کورد و سووکایەتییان بە سیمبوولە نەتەوەییەکان و ئاڵای کوردستان کرد. 

‎ئاسایشی شارەکە ڕایگەیاندووە” قەدەغەکە لە کاژێر ٨ی ئێوارەوە تاوەکو ٢ی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت و ئەم هەنگاوەشی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و رێگریکردن لە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە ناوە.” 

‎لە لایەکی دیکەوە، هۆشداری توند دراوەتە هەموو ئەو کەسانەی سەرپێچیی رێنماییەکان دەکەن و جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە. 

‎ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدا سەری هەڵدا کە ژمارەیەک لە خێزانە کوردەکانی عەفرین لە کاتی گەڕانەوەیان لە ئاهەنگی نەورۆزی حەلەب، لەلایەن گروپێکەوە رێگرییان لێکرابوو و ئۆتۆمبێلەکانیان شکێنرابوو، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئاسایشی ناچار کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە داوا لە دانیشتووان بکات پابەندی بەهاکانی پێکەوەژیان بن و رێز لە سیمبوولەکان بگرن.




PM:10:21:21/03/2026