مووشەکەکانی ئێران گەیشتنە دیمۆنە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە شاری دیمۆنە لە باشووری وڵاتەکە، کە بنکەی سەرەکیی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیلی لێیە، کەوتووەتە بەر هێرشێکی مووشەکیی ئێران و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش زیاتر لە ٣٠ کەس لە ١٢ شوێنی جیاوازی ئەو ناوچەیە بریندار بوون. 

هاوکات ڕادیۆی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی مووشەکێکی ئێرانییەوە، بینایەک لە ناوچەکەدا بەتەواوی داڕوخاوە.

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە ئێران ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە "نەتەنز" ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، لە بەرامبەردا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنی سەربازی" دەکات و ڕایگەیاندووە'' ئاگاداری کەوتنی مووشەکن لە دیمۆنە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکیان پێنەگەیشتووە کە زیان بە سەنتەری توێژینەوەی ئەتۆمی لە نەقب گەیشتبێت یان ئاستی تیشکدانەوەی نائاسایی تۆمار کرابێت.''

لە لایەکی ترەوە و بەپێی نوێترین ئامارەکان، لە شاری "عراد" لە باشووری ئیسرائیل بەهۆی کەوتنی مووشەکێکی تری ئێرانییەوە دوو کەس کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش بریندار بوون، ئەمەش وایکردووە ڕافایل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جەخت لەسەر پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکاتەوە و هۆشداری لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی پێکدادانی سەربازی لە دەوروبەری ئەو ناوچانە بدات.




AM:12:12:22/03/2026