سیپان حەمۆ: لێپرسینەوە لە هێرشبەرانی سەر کورد و سوکایەتیکردن بە ئاڵای وڵات دەکرێت

جێگری وەزیری بەرگری سوریا لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کاردانەوەی توندی بەرامبەر ڕووداوەکانی عەفرین و حەلەب نیشاندا و ڕایگەیاند'' لێدان و سوکایەتیکردن بە هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە کارێکی قبووڵنەکراوە.''

سیپان حەمۆ، جەختی لەوە کردەوە کە هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر کورد و سیمبولەکانیان یان بێڕێزی بە ئاڵای سوریاوە بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا حەمۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لایەن دەیانەوێت ڕووداوە تاکەکەسییەکان بقۆزنەوە بۆ چاندنی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریادا، ئەو هەردوو لایەنی بە خاوەن یەک بیرکردنەوە ناوبرد؛ چ ئەوانەی ئاڵای سوریایان لە کۆبانی دابەزاندووە و چ ئەوانەی سوکایەتی بە گەلی کورد دەکەن، چونکە ئامانجی هەردوولا تێکدانی یەکڕیزی نەتەوەیی و پێکەوەژیانە.

جێگری وەزیری بەرگری داوای لە نیشتمانپەروەران کرد کە ئارام بگرن و نەکێشرێنە ناو ململانێی ناوخۆییەوە و داواشی لە هەمووان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ڕێز لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئاینییەکان بگرن. 

جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هەموو سورییەکان پێکەوە دژی ئەم جۆرە ڕەفتارانە بووەستنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە قووڵبوونەوەی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا بگرن.





AM:12:33:22/03/2026