ئەمڕۆ تاوە باران‌و هەورە برووسکە بە‌هێزتردەبێت، سبەی لاواز دەبێت


ئەو شەپۆلی تاوە بارانباران و هەورە برووسکەیەی کە باشووری کوردستانی گرتۆتەوە، ئەمرۆ بەردەوام و توندتر دەبێت، بەڵام سبەی لاواز دەبێت.

پسپۆری بواری کەشناسی، ئاراز جەبار لەنوێترین نووسینیدا پێشبینی دەکات" ئەمڕۆ یەکشەمە کاریگەری شەپۆلی بارانبارین و هەورە بروسکە بەهێزتر ئەبێتەوە لەسەر تەواوی ناوچەکانمان لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە لەناوچەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک و نەینەوا و ئیدارەی سۆران کاریگەری زیاتر ئەبێت، ئەگەری بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبێت لەهەندێ شوێنیشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو ئەبێت ".
لەبارەی لاوازبوونی شەپۆلەکەوە ئاراز جەبار، دەڵێت"  لەکاتەکانی ئێوارەوە کاریگەری ئەم ناجێگیریە لەو ناوچانەدا لاواز ئەبێت و بەشێوەی بارانی کەم بۆ مامناوەند و پچر پچر لەشەودا بەردەوامی ئەبێت".

لە بارەی ناوچەکانی سلێمانی و راپەرین و کەرکوک و گەرمیان، ئەو شارەزایە دەڵێت" لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین کاریگەری ئەو ناجێگیریە لە کاتەکانی ئێوارەوە بەهێز ئەبێت تا کاتەکانی بەرەبەیانی".

دەربارەی سبەی دووشەمە پێشبینی ئەم پسپۆرە بەو شێوەیەیە " کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی لەسەر ناوچەکانمانە لاواز ئەبێت و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و سۆران بەدرێژای کاتەکان کەش و هەوا جێگیر ئەبێت و ئاسمان بە زۆری پەڵە هەور ئەبێت و هەندێک کاتیش ئەگۆرێت بۆ نیمچە هەور ، لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەلەبجە و باکوری ئیدارەی گەرمیان کەش وهەواکە هەندێ جیاواز ئەبێت و ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێندا لەنێوان کاتەکانی دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە هەورە بروسکە چالاک ببێتەوە و تاوە باران ببارێت بەڵام بەگشتی زۆربەی کاتەکان کەش جێگیرە و بارانەکەش مەرج نییە هەموو شوێنەکان بگرێتەوە و کورت خایان ئەبێت ، پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا٤  پلە بەرزدەبنەوە".






AM:11:35:22/03/2026