سیناتۆرێکی ئەمریکی: پێویستە یاسای رزگارکردنی کورد بۆ ڕێگری لە ناپاکی مێژوویی پەسەند بکرێت

ریچارد بلۆمێنتال جەخت لە بەردەوامی هاوکارییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و سزادانی هێرشبەران دەکاتەوە.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، سیناتۆر ریچارد بلۆمێنتال پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە نەورۆز وەرزی نوێبوونەوە و شانازیکردنە بە میراتی دەوڵەمەندی کوردییەوە. ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە نیگەرانی خۆی دەربڕی کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کەسی لە ئاهەنگەکانی ویلایەتی کۆنیتێکت و ناوچەکانی دیکەی جیهان ئامادە بێت، بەڵام جەختی کردەوە کە دڵسۆزی و کارەکانی لە ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ماف و ئاسایشی کوردەکان بەردەوام دەبێت

بلۆمێنتال تیشکی خستە سەر پڕۆژە یاسای "رزگارکردنی کورد" کە بە هاوبەشی لەگەڵ سیناتۆر لیندسی گراهام پێشکەشیان کردووە و لەلایەن هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەوە پشتیوانی دەکرێت، کە ئامانج لێی سەپاندنی سزای توندە بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانە کوردەکان. ناوبراو ستایشی ئازایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کرد لە شەڕی دژی داعشدا و ڕایگەیاند کە کار دەکات بۆ ئەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو هێزانە بەردەوام بێت، چونکە ڕۆڵێکی جوامێرانەیان لە تێکشکاندنی تیرۆردا گێڕاوە و شایستەی پاراستنی تەواون.


لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سیناتۆر بلۆمێنتال جەختی لەوە کردەوە کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەوسانەوە مێژوویی و زوڵم و ناپاکیەی کە کورد چەندین جار لە مێژوودا پێوەی ناڵاندوویەتی. ئەو هیوای خواست ئەم ساڵە نوێیە ببێتە مایەی بەدیهاتنی دادپەروەری و ئایندەیەکی گەشاوەتر بۆ گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، و بەڵێنیدا کە لە واشنتۆن دەنگی کوردەکان بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و ئاهەنگگێڕان بە ناسنامەی نەتەوەییانەوە بەبێ هیچ ترس و هەڕەشەیەک.




AM:12:24:23/03/2026