شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرای دەکات کە " لە سبەینێەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەخوڕ و تەرزە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی کورد بڵاویکردووەتەوە" سبەی سێشەمە دووبارە لەئەنجامی زیادبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور وە نزمەپاڵەپەستۆی کەنداوی عەرەبی ( فارس ) جارێکی دیکە ناجێگیری لەکەش و بەرگەهەوای ناوچەکەدا دروست ئەبێتەوە و لەکاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ هەورە بروسکە و بارانی بەخوڕ و تەرزە لە ناوچەکانی باشور و ناوەراست و رۆژهەڵاتی عێراق دەستپێدەکاتەوە و پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ بەدواوە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجەش ئەگرێتەوە و ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە چالاک ئەبێت کە لە لەکاتەکانی شەودا تاوە بارانەکان بەهێزتر ئەبن و تەرزەشیان لەگەڵدا ئەبارێت و پلەکانی گەرما ٢ تا ٣ پلە نزمدەبنەوە".
راشیگەیاند" کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران بەگشتی لە رۆژی سێشەمەدا لاوازەبێت و ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێن بارانێکی کەم بۆ مامناوەند ببارێت و پلەکانی گەرماش جێگیر ئەبن ، بۆ دوو سبەی رۆژی چوارشەمە شەپۆلەکە فراوانتر ئەبێت و بارانی باش و مامناوەندی پچر پچر سەرجەم ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین ئەگرێتەوە وە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و گەرمیان بەهێزتر ئەبێت و ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە بەردەوامی ئەبێت و پاشان کاریگەری ئەو شەپۆلەش لەکاتەکانی ئێوارەی چوارشەمەوە بە تێپەرینی کات لاواز ئەبێت و کەش جێگیر ئەبێتەوە" .
بڕی بارانی پێشبینیکراو لەماوەی هەردوو رۆژی سێشەمە و چوارشەمە بەمشێوەیە خستەڕوو:
سنوری پارێزگای سلێمانی ٣٠ - ٥٠ ملم
سنوری پارێزگای هەڵەبجە ٢٠ - ٣٠ ملم
سنوری پارێزگای کەرکوک ٢٠ - ٣٠ ملم
سنوری ئیدارەی گەرمیان ٣٠ - ٤٠ ملم
سنوری پارێزگای هەولێر ١٠ - ٢٠ ملم
سنوری پارێزگای دهۆک ٥ - ١٠ ملم
سنوری ئیدارەی سۆران و راپەرین ١٥ - ٢٥ ملم
ئەو کەشناسە ئەوەشی خستەڕوو کە " بۆ رۆژی پێنجشەمە پێشبینی دەکرێت نزمەپاڵەپەستۆیەکی بەهێز و قوڵ لەسەر ناوچەکانی ناوەراست و رۆژئاوای عێراق دروستببێت کە وەک ئەوەی ئێستا دیارە لەسەر نەخشەکان کارەسات و لافاو و بای بەهێزی لێچاوەروان دەکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و باکوری پارێزگای ئەنبار ، ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە کاریگەری بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەبێت لە ئێوارەی پێنجشەمەوە بۆ رۆژی هەینی بە بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسکە و چالاکبوونی با و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەڵام وەک ئەوەی ئێستا دیارە بەو شێوەیە توند و مەترسیدار نابێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەر چەندە گۆرانکاری لە ئارادا ئەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا بەتەواوی روون ئەبێتەوە و ئەوکات زانیاری زیاترم ئەبێت و ئاگادارتان ئەکەمەوە لە هەر پێشهات و گۆرانکاریەکی نوێ ".