بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦، هێرشێکی چڕی مووشەکی و درۆنی کرایە سەر بارەگاکانی فیرقەی ٧ی هێزەکانی پێشمەرگە لە لۆفەکانی سپیلک و گوندی کەلەکین لە قەزای خەلیفان.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی سەرچاوە باڵاکانی پێشمەرگە و لایەنە تەندروستییەکان، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکان لە دوو کاتی جیاوازدا ئەنجامدراون، بە جۆرێک یەکەمیان لە کاژێر ١:٥٠ خولەک بە پێنج مووشەک بووە و دووەمیان لە کاژێر ٢:٥٠ خولەک لە نزیک گوندی کەلەکین روویداوە.
هاوکات باس لەوە دەکرێت کە سیستمە بەرگرییەکان توانیویانە بەشێک لەو درۆن و مووشەکانە لە ئاسماندا تێکبشکێنن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
فەرماندەیی دەڤەری یەکی پێشمەرگە جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان و لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان دەستیپێکردووە، لە کاتێکدا ناوی شەهیدەکان بڵاوکراونەتەوە کە پێکهاتوون لە (رێبەر عەبدوڵڵا، زکری بێخشاشی، رامین عادل، شەهاب بێخشاشی، کەیوان موزەفەر و پشتیوان مەلا موسا).
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرژییەکانی ناوچەکەدا رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی هێرشەکان بووەتەوە، بە شێوەیەک کە هەر شەوی رابردوو چەند درۆنێکی دیکە ئاراستەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرابوون بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچ درانەوە.