وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند'' بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦، لە ئەنجامی دوو هێرشی جیاوازدا کە بە شەش موشەکی بالیستی ئێرانی کرانە سەر بارەگاکانی فیرقەی ٧ و فیرقەی ٥ی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ٣٠ی دیکەش بریندار بوون.''
ئەمەش وەک کردەوەیەکی دوژمنکارانە و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆیی و دراوسێیەتی ناوزەد دەکرێت.
لە پەیامێکی فەرمیدا وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو مافێکی یاسایی و نەتەوەیی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر خاک و گەلەکەی، بەتایبەت کە چاوەڕوان نەدەکرا وەڵامی هەڵوێستە ئاشتیخوازانەکانی هەرێم بەم شێوە "نامەردانەیە" بدرێتەوە.
سەرکردایەتی هێزەکانی پێشمەرگە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، داوا لە هەموو لایەک دەکات کە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرن و رێز لە سەروەری خاکەکەی بگرن چونکە ئیرادەی ئاشتیخوازی هەمیشە بەسەر ستەمدا سەردەکەوێت.
لە کۆتایی پەیامەکەدا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست کراوە کە چیتر بەرانبەر ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانە بێدەنگ نەبن و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانانەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.