شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورە بروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات

کەشناسێک رایگەیاند'' لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە کاریگەرییەکانی شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری کەشوهەوا روو لە ناوچەکانمان دەکات.''

لە بارەی وردەکارییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەتای شەپۆلەکە بە بارانی لاواز و مامناوەند دەستپێدەکات، بەڵام لە کاتەکانی شەودا و بۆ رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئازار کاریگەرییەکانی زیاتر دەبن و بارانێکی باش سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.

ئەم دۆخە لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەدا دەگاتە لوتکە و پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی وەک رۆژئاوای گەرمیان، پارێزگای کەرکوک و سەنتەری پارێزگای هەولێر هەورە بروسکەی بەهێز و تاوە بارانی توند و تەرزە ببارێت.

هەروەها ئەوەش خراوەتە روو کە بەهۆی بەهێزیی ئەو شەپۆلەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن هەیە و کاریگەرییەکانی ئەم ناجێگیرییە تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەردەوامی دەبێت.

هەرچەندە دوای ئەم شەپۆلە کەشوهەوا بۆ ماوەیەکی کاتی جێگیر دەبێتەوە، بەڵام بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ئازارەوە شەپۆلێکی بەهێزتری بارانبارین دەستپێبکات کە وردەکارییەکانی لە بڵاوکراوەکانی داهاتوودا دەخرێنە روو.




PM:12:47:24/03/2026