سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی تونددا هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر بارەگاکانی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران شەرمەزار کرد و رایگەیاند'' کە ئەم کردەوەیە "غەدر و خیانەتێکی دوژمنکارانەیە" و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ پێشمەرگەی دیکە.''
مەسرور بارزانی، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری شەهیدان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە پەلە سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن.
لەلی خۆشیەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە هێرشەکان بە شەش مووشەکی بالیستی ئێرانی کراونەتە سەر بارەگاکانی فیرقەی ٧ و فیرقەی ٥ لە سنووری سۆران، وێڕای توندترین سەرکۆنەکردن، وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە مافی تەواوی خۆیانە بەرپەرچی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بدەنەوە کە دەکرێتە سەر خاک و گەلی کوردستان.