سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە هێرشە مووشەکیەکەی ئەم بەیانییە بۆ سەر پێشمەرگە و "شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگە" بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە".
سێ شەممە، ٢٤ ئادار ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەی ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون".
"پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین"، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتوشیەتی "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆیه ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە".
نێچیرڤان بارزانی داوایەک ئاراستەی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان".
وەزراەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی ٧ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا " ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون".