جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە "شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ پێشمەرگە" ـی دیکە دەڵێت "سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و سەرکۆنەی ئەو هێرشە نایاساییە دەکەین".
سێ شەممە، ٢٤ ئادار ٢٠٢٦، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە لە جەنگی ئێستای ناوچەکەدا لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستێکی بێلایەنانەی وەرگرتووە و ناخوازێت ببێتە بەشێک لەو ململانێیە، هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان بەکاربهێنین بۆ دوورخستنەوەی هەرێم لەم جەنگە".
لە لایەکی دیکەوە، لە بارەی هێرشەکەی سەر پێشمەرگە، جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی "بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکییەی سهر بارەگای فیرقەی ٧ـی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلکی سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەم، بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکانی ئەم بارەگایە".
"ئەم دۆخە ناهەموارەی کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەوروبەرمانەوە رووی لە هەرێم و ناوچەکەمان کردەوە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەکمانە، کە ئامانج تیایدا تەنها تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەیە، چونکە هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک بەشێک نەبووە لەم ئاڵۆزیی و شەڕ و پێکدانانەی کە لە نێوان چەند ووڵاتێکدا هاتۆتە ئاراوە، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە، چونکە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بۆ ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە"، جێگری سەرۆکی هەرێم وا دەڵێت.
وەزراەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی ٧ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا " ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون".