فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەرخۆشی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە "شەهید بوونی ٦ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ پێشمەرگەی دیکە".
سێ شەممە، ٢٤ ئادار ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند "ئێمە هاوخەمی خۆمان بۆ گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دەردەبڕین بەهۆی شەهیدبوونی پاڵەوانەکانیان. هەروەها سەرەخۆشی لە سەرۆک مەسعود بارزانی، تەواوی بەرپرسانی هەرێم و بنەماڵەی شەهیدان دەکەین؛ بە هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان".
وەزراەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی ٧ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا " ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون".