هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەرخۆشی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە "شەهید بوونی ٦ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ پێشمەرگەی دیکە" و دەڵێت "قبووڵی ناکەین کە کورد ببێتە بەشێک لە شەڕە هەرێمییەکان. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا پێکەوە دەوەستین و بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی هاوبەشمان".
سێ شەممە، ٢٤ ئادار ٢٠٢٦، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند "ئەم بەیانییە لە ناوچەیەکی سەر بە هەولێر، هێرش کرایە سەر یەکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە، بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەم. داوای ڕەحمەت و بەزەیی لە خودای گەورە بۆ ئەو پێشمەرگانە دەخوازم کە گیانیان لەدەستداوە؛ سەرەخۆشی لە گەلی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەکانیان دەکەم، و هیوای تەندروستی و چاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازم".
"ئەم هێرشە بەشێکە لە پلانێکی بەرفراوان کە ئامانجیەتی جوگرافیای کوردستان پەلکێشی ناو شەڕێکی هەرێمی بکات. لە دژی ئەم هێرشە چەپەڵانە، هەڵوێستمان چ لە ڕووی مرۆیی و چ لە ڕووی سیاسییەوە پێویستییەکی حەتمییە"، تونجەر باکرهان وا دەڵێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی وتویەتی "دڵمان لە هەولێرە، ئێمە لەگەڵ خوشک و براکانمانین و هەمیشە لە تەنیشتیان دەبین".