مەسعود بارزانی: ئەو پەلامارە دووژمنكارانەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت


سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشی ئەم بەیانییە بۆ سەر پێشمەرگە بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان".

سێ شەممە، ٢٤ ئادار ٢٠٢٦، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی رایگەیاند "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی پارتی وتویەتی "پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە".




PM:04:51:24/03/2026