نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت" ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و جەخت لە سووربوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق دەکاتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی ئازار ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرەشتی سودانی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا، هێرشەکانی سەر پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی دامەزراوەکان و باڵیۆزخانەکان و پەرەپێدانی توانای هێزەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی لە تەواوی عێراقدا کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە " هاوکات لە کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی تەواوی مووچە و خەرجییەکان لەم دۆخەدا دووپات کردەوە. لەهەمان کاتدا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری دا لە ئەگەری دروستبوونی لافاو بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی نوێ بۆ سەر ناوچە نزمەکان".
ئاشکراشی کردووە کە هەر لە کۆبوونەوەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ پلانی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە ڕوون کردەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاریدا بە شێوەیەکی خێرا بەنزین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ هاوردە بکرێت تاوەکو هیچ گرفتێکی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.