حکوومەتی عێراق بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بنکەی حەبانیە دەکات و بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکانی لەقەڵەم دەدات، سکاڵا لە دژی ئەمریکا تۆمار دەکات
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند'' بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشێکی "ناڕەوا" کرایە سەر مەڵبەندی تەندروستیی سەربازی حەبانیە. هێرشەکە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی سوپای عێراق و بە کارێکی تاوانکاریی وەسف کرا.''
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوە کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکای بانگهێشت کرد بۆ رادەستکردنی یاداشتێکی توندی ناڕەزایەتی.
حکوومەتی عێراق جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت.
هاوکات، عێراق بڕیاری داوە سکاڵایەکی فەرمی و بەبەڵگەکراو پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات. نوعمان دووپاتی کردەوە کە عێراق بەگوێرەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو مافێکی هەیە بۆ وەڵامدانەوە و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی.