مەسرور بارزانی: خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە بەخەسار ناچێت

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە پرسەی شەش پێشمەرگە لە سۆران، هێرشەکەی بە "غەدر و خیانەت" وەسف کرد و جەختی لە پاراستنی قەوارەی هەرێم کردەوە.


مەسرور بارزانی، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان، سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد. ئاماژەی بەوە دا کە ئەو پێشمەرگانە "شەهیدی غەدر و خیانەتن" و بەبێ هیچ هۆکارێک کراونەتە ئامانج، هاوکات هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە کوردستان بەهۆی خوێنی شەهیدانەوە بە بەهایە و "هیچ کاتێک خوێنی شەهیدان بەبێ بەها نەچووە و ئەمجارەش بەخەسار ناچێت".

ئاماژەی بەوەش دا کە هەر بەهۆی قوربانییەکانی ئەوانەوەیە کە گەلی کورد بە سەربەرزی لە وڵاتی خۆیدا دەژیت.

لە کۆتایی وتەکانیدا، مەسرور بارزانی هیواشی خواست ئامانجی شەهیدان بۆ سەربەخۆیی و سەرکەوتنی کوردستان بەدی بێت. دووپاتیشی کردەوە کە وەک حکوومەت، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی.





PM:04:40:25/03/2026