وەزارەتی کارەبا: بۆ مانگی ٢ لە ٪٨٠ ـی هاوڵاتیان پارەی کەمتر لە جاران دەدەن


وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری پسووڵەی مانگی شوباتی ئەم ساڵی بڵاوکردوەتەوە بۆ هاوبەشانی پرۆژەی ڕوناکی و دەڵێت "٪٨٠ـی هاوڵاتیان پارەی کەمتر لە جاران دەدەن".

چوار شەممە، ٢٥ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە کە تێکڕای بڕی پسووڵەی مانگی شوبات بۆ ماڵان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ٣٦ هەزار دینار بووە، کە کەمترینیان لە پارێزگای هەولێر بوە بە ٣٠ هەزار، لە پارێزگای سلێمانی ٣٥ هەزار و لە هەڵەبجە ٣٩ هەزار، وە تێکڕای پارێزگای دهۆکیش ٧٤ هەزار بووە.

بە گشتی لە  کوردستان ٤.٤٢٧.٠٠٠ هاوڵاتی و ١٣٧.٠٠٠ شوێنی بازرگانی، هاوبەشی پرۆژەی ڕووناکین.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردوە کە بەپێی نرخە نوێیەکان، "٪٨٠ ـی هاوڵاتی، بەتایبەتی کەم داهاتەکان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی خەرجیان دەکرد".
 
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای ٢٤  کاتژمێرییە بۆ  هەرێمی کوردستان و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواو بکرێت.
 




PM:07:20:25/03/2026