وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە تێپەڕاندنی کەشتی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن و دەڵیت "تەنها ڕێگا بە کەشتی ئەو وڵاتانە دەدەین کە دۆستی خۆمانن"، و ئاماژە بەوەش دەکات کە هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چوار شەممە، ٢٥ ئادار ٢٠٢٦، رایگەیاند "هیچ پاساوێک نییە رێگە بدەین دووژمنەکانمان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن. ئێمە تەنیا رێگەمان بەو وڵاتانە داوە کە وەک دۆستی خۆمان دەستنیشانمان کردوون، لەوانە چین، رووسیا، هیندستان، عێراق و پاکستان".
لە بارەی دانوستاندنەکانەوە وەزیری دەرەوەی ئێران وتی "پێشتر باسیان لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج دەکرد، ئەی بۆچی ئێستا باڵاترین بەرپرسەکانیان بۆ دانوستاندن کۆکردووەتەوە؟ بەڵام ئێستا هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان ١٠٠٪ نین، بەڵکو ئەو گەرەنتییە خودیەی ئێران خۆی دروستی کردووە وایکردووە "کەس بوێری ئەوە نەکات جەنگ دژی گەلی ئێران دەستپێبکات".
"ئاگربەستی بێ گەرەنتی، سووڕێکی پووچە و تەنیا جەنگ دووبارە دەکاتەوە. دەبێت دوژمن وانەیەک وەربگرێت کە هەرگیز بیری هێرشکردنە سەر ئێران نەکاتەوە و دەبێت زیانەکانی گەلی ئێرانیش قەرەبوو بکرێنەوە"، عەباس عێراقچی وا دەڵێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهاتوون. ئێمە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکە دوژمنایەتیمان نییە، بەڵام تەنیا ئەو پێگە و ناوەندانەی ئەمریکا دەکەینە ئامانج کە هێرشیان لێوە دەکرێتە سەر ئێران".
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم قۆناغەی جەنگی بە "خاڵێکی زێڕین لە مێژووی ئێران" ناوبرد و وتی "وڵاتەکەی توانیویەتی رێگری لە ئامانجەکانی دوو زلهێزی ئەتۆم بکات".
ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ئەو هەنگاوە دێت کە حکومەتی سودانی ٢٤ ی ئادار دەستی میلیشا شیعەکان و هێزەکانی تری عێراقی کردەوە کە بەرگری لە خۆیان بکەن، بەم هەڵوێستەش عیراق وەک یەکێک لە "دۆستەکانی" ئێران دەتوانێت نەوتەکەی لە ڕێگای گەروی هورمزەوە تێبپەڕێنێت.