سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە سپی ڕایگەیاند'' سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران کۆتایی هاتووە.''
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو لیستەکە بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق، هاوکات تیمێکی تەکنیکی وەزارەت سەردانی بەغدا دەکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و شەفافیەت لە ناردنی زانیارییەکاندا.
سەبارەت بە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەوڵ دەدرێت لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی ئادار ڕەوانەی بەغدا بکرێت، ئەگەر نا لە چەند ڕۆژی دواتری هەمان هەفتەدا دەگاتە دەست لایەنی پەیوەندیدار.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە وەزیری دارایی عێراق جەختی لە دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ کردووەتەوە و چاوەڕێی گەیشتنی لیستەکانن لە هەرێمی کوردستانەوە.
بۆ ئەوەی پڕۆسەی خەرجکردنی مووچە بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت، پێویستە هەرێمی کوردستان پابەندی چەند مەرجێکی دارایی بێت، لەوانە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی کە بە ١٢٠ ملیار دینار خەمڵێندراوە و ناردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت.