وەزارەتی فریاگوزاری سوریا سەبارەت بە زیانەکانی لافاو لە چەند رۆژی رابردوو لە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
پێنج شەممە، ٢٦ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی فریاگوزاری سوریا رایگەیاند "بەهۆی بارانبارینی زۆر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لافاو لە تل حمس، تل کۆچەر، شەدادی و تل عەرێش لە پارێزگای حەسەکە دروستبووە و زیانێکی زۆری بە دانیشتووانەکەی گەیاندووە".
وەزارەتەکە بڵاویکردوەتەوە کە "بەهۆی لافاوەوە لە پارێزگای حەسەکە هەزار و ٧٠٠ خانوو زیانیان پێگەیشتووە و ١٢٠ خێزانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە گواستراونەتەوە بۆ شوێنە سەلامەتەکان".
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە لافاوەکە زیانی بە هەزاران هێکتار زەوی کشتوکاڵی پارێزگای حەسەکە گەیاندووە.
لە ٢٣ ئەم مانگەوە بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە ئاستی ئاوی ڕووباری خابور لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە و کاریگەری لەسەر دانیشتوانی پارێزگاکە دروستکردوە.