لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان و گەلی ئێران کرد بۆ کۆچی دوایی عەلی خامنەیی و قوربانیانی مەدەنی.
هاوکات جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە بۆ ڕەتکردنەوەی جەنگ و پێویستی دەستبەجێ ڕاگرتنی کارە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامیی ململانێکان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای پەنابردن بۆ گفتوگۆی کرد.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکگرتووە و بە تووندی کار دەکات بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگری لە هەر هەوڵێک کە خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لەتیف ڕەشید بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند'' عێراق هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر خاکەکەی بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵات دەزانێت و ئەم کارانە تەنیا ئاستی گرژییەکان زیاد دەکەن و نابنە هۆی بەدیهێنانی هیچ جۆرە سەقامگیرییەکی ناوچەیی.''
لەلایەن خۆیەوە مەسعود پزیشکیان سوپاسی هاوسۆزیی عێراقی کرد و جەختی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، هەروەها پێشنیاری دامەزراندنی "سیستمێکی یەکێتیی ناوچەیی" کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان و گەیشتن بە گەشەپێدان و سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە.