بەرزبوونەوەی لێڵی زێی بچووک دابەشکردنی ئاوی لە کۆیە ڕاگرت

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە ڕایگەیاند'' بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی دوو ڕۆژی ڕابردوو و لێڵبوونی ئاوی زێی بچووک، هەردوو پڕۆژەی سەرەکیی ئاوی (بۆگد - کۆیە) و (تەقتەق - کۆیە) کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی شارەکەن، بە ناچاری لە کارکەوتوون.''

بەپێی زانیارییە تەکنیکییەکان، ڕێژەی لێڵبوونی ئاو (NTU) گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز و سەرووی (١٠٠٠٠) ی تۆمار کردووە، ئەمەش وای کردووە فلتەرەکانی پاڵاوتنی ئاو لە وێستگەکاندا نەتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەن و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک بە تەواوی بوەستێت.

ئەم بڕیارە لە کاتژمێر ٤ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە هەینی ٢٧ی ئادار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواوی سەنتەری قەزای کۆیە و گوندەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە، کە بۆ ماوەیەکی نادیار و تا کاتی ڕوونکردنەوەی سروشتیی ئاوی زێکە، بێ ئاو دەبن.

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات بەوپەڕی وریاییەوە ئاوی کۆگاکراوی ماڵەکانیان بەکاربهێنن و دەستپێوەگرتنی توند پەیڕەو بکەن، تا ئەو کاتەی تیمەکان دەتوانن وێستگەکان خاوێن بکەنەوە و پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو ئاسایی بکەنەوە.





PM:04:56:27/03/2026