لە هەرێم بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن درا

وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڕیاری کۆتاییان لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بڵاوکردەوە.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە لە ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٦ ئەنجامدرا، بڕیار درا کە لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی ٢٩ی ٣ی ٢٠٢٦، دەرگای سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێنەوە و دەوامی فەرمی دەستپێبکاتەوە.

ئەم بڕیارە گشتگیرە و سەرجەم قوتابخانەکان، پەیمانگاکان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئامانج لێی گەڕانەوەی خوێندکارانە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و تەواوکردنی پڕۆگرامی ئەمساڵ بەپێی خشتە دیاریکراوەکان.

هەردوو وەزارەت ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بە جیا و لە ڕاگەیەندراوی وردتردا، گشت ڕێکار و ڕێنماییە پێویستەکان بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دەوام و وردەکارییەکانی دیکە بۆ ڕای گشتی دەخەنە ڕوو.



PM:05:30:27/03/2026