وەزارەتی پەروەردە: ڕۆژی یەک شەممە دەوام دەست پێدەکاتەوە و ئامادەبوون ئارەزوومەندانەیە


وەزارەتی پەروەردە ی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندروێکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە و دەڵێت " رۆژی یەک شەممە، ٢٩ ئادار ٢٠٢٦، دەوام دەستپێدەکاتەوە و ئامادەبوونی فیزیکی ئارەزوومەندانە دەبێت".

هەینی، ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بە پێی بڕیارە نوێیەکانی وەزارەت، هەر بەخێوکارێکی قوتابی نەیەوێت منداڵەکەی بە شێوەی فیزیکی لە قوتابخانە ئامادە بێت(غیاباتی بۆ هەژمار ناکرێت) بەو مەرجەی فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە. ئەم پۆلێنە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانیش دەگرێتەوە و قوتابییان دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام بۆ تاقیکردنەوەکان پێویستە بەپێی خشتەی دیاریکراو لە قوتابخانە ئامادە بن".

سەبارەت بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتی پەروەردە جەختی کردووەتەوە کە پێویستە سیستەمی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی بۆ ئەو قوتابییانە دابین بکەن کە نایانەوێت بە شێوەی فیزیکی لە پۆلدا ئامادە بن.

هاوکات قوتابخانە بیانییەکان سەرپشک کراون لەوەی بە بڕیاری دەستەی کارگێڕییان تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان هاوشێوەی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکەن.

لە بارەی ئەو  قوتابییانەی تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە (پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی)، وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەداتە قوتابیان کە "ساڵنامەی خوێندن"یان بۆ هەموار دەکرێتەوە تاوەکو هیچ گرفتێک بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵیان دروست نەبێت.
 
وەزارەتی پەروەردە دوو پلاتفۆرمی بۆ خوێندکاران داناوە کە دەتوانن سودی لێوەربگرن بۆ خوێندنی ئۆنلاین ئەوانیش پلاتفۆرمی ئێ-وانە، کە تایبەتە بە پۆلەکانی ١ تا ١٢ ئامادەیی. 

پلاتفۆرمی دووەم قوتابخانەکەم کە تایبەتە بە پۆلەکانی ١ تا ٦ بنەڕەتی. 

 هەروەها مامۆستایان دەتوانن  لە رێگەی گرووپەکانی قوتابخانە و ئەپڵیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن"ـەوە بەردەوام دەبن لە ناردنی ئەرکی ماڵەوە بۆ ئەو قوتابییانەی کە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژاردووە.
 




PM:07:38:27/03/2026