بەڕێوبەری گشتی بەرگری شارستانی سۆران دوای خنکانی ٥ هاوڵاتی لە ماوەی تەنها ٥ ڕۆژدا هەڵساوە بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ناوچە گەشتیاریەکان.
هەینی، ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی سۆران لە لیدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند " بەداخەوە لە ماوەی تەنیا ٥ رۆژی رابردوودا، ٥ حاڵەتی خنکانمان لە سنوورەکەدا هەبووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و مەترسیی لافاو لە ئارادایە".
ئەو بەڕێوبەرە ئاشکرای کرد کە "بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە، بڕیار دراوە لە رۆژانی پشوودا (پێنج شەممە، هەینی و شەممە) تەواوی تیمەکانی پاراستنی رووبار لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودا بن، هەروەها ١٤ خاڵی چاودێریی نوێ لە شوێنە مەترسیدارەکان جێگیر کراون".
کاروان میراودەلی پەیامێکی ئاراستەی گەشتیاران کرد و داوای لێکردن کە "تەنیا لە پێناو وێنەگرتن یان تۆمارکردنی ڤیدیۆ، ژیانی خۆتان و خێزانەکانتان نەخەنە مەترسییەوە، چونکە زۆرجار بەهۆی نەشارەزایی لە جوگرافیای ناوچەکە و قووڵیی ئاوەکان، کارەساتی دڵتەزێن روو دەدەن".
هەروەها بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانیی سۆران کۆمەڵێک رێنمایی بۆ هاوڵاتییان بڵاو کردەوە، تێیدا داواکراوە کە شوێنی گونجاو و دوور لە رووبارەکان بۆ گەشتەکانیان هەڵبژێرن و هۆشدارییان دا لە مەترسیی داڕمانی بەرد لە ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی بارانەوە و داوایان کرد ئۆتۆمبێلەکانیان لە ژێر ڕەوەز و شاخە مەترسیدارەکاندا رانەگرن تاوەکوو سەلامەت بن.