"ئەمڕۆ ٣٠ هەزار بوتڵی گازی ماڵان بە نرخی حکومی دابەش دەکرێت"


بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان باس لەوە دەکات کە "ئەمڕۆ ٣٠ هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکرێت".

شەممە، ٢٨ ئادار ٢٠٢٦، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند "دابەشکردنەکە ئەمڕۆ دەستپێدەکات و ٣٠ هەزار بوتڵ دابەش دەکەین، بڕەکە بۆ هەموو پارێزگای هەولێرە، بە سەنتەری شار، قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەوە"، لە هەولێر هەر ماڵێک دەتوانێت لە مانگێکدا ٢ بوتڵ گاز وەربگرێت بە نرخی ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار، لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە.

سەبارەت بە دبەشکردنی گاز لە سلێمانی، بە پێی زانیارییەکانی بەرپرسێک لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی "دابەشكردن بەردەوامە، بەڵام چونکە پشک کەمە لە هەموو هەرێمی کوردستان، دابەشکردن وەک پێویست نییە و هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی نۆرە دەگرن".

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ شوباتەوە و بە هۆی وەستاندنی کارکردن لە زۆربەی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت لەبەر مەترسی هێرشی ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، هاوڵاتیان ڕوبەڕوی گرفتی کەمی گازی ماڵان بونەتەوە. 




PM:12:04:28/03/2026