وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،
شۆڕش ئیسماعیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی
کوردستان قسەی کرد و دەڵێت "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک
هەنگاو و رێگەی پێویستمان گرتووەتەبەر، بەڵام یەکەمین ئەرکی بەرگریکردن لە هەرێمی
کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق".
یەک شەممە، ٢٩ ئادار ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
رایگەیاند "سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی
سەرجەم کەناڵە جیاوازەکانەوە ئەو پەیامەیان گەیاندووە کە هەرێمی کوردستان و هێزی
پێشمەرگە بەشێک نین لەم شەڕە و نابێت ببنە بەشێکیش لێی".
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد
کە "دەبێت حکوومەتی عێراق وەک چۆن بەرگری
لە شارەکانی دیکەی عێراق دەکات بەو شێوەیەش بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات، هێزی
پێشمەرگەش هەمیشە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان ئامادەیە و ئەم دۆخە نەخوازراوە زیاتر
هانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دەدات سوور بن لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی
هەرێمی کوردستان".
"ئەو گرووپانەی بە ئەنقەست دەیانەوێت سەقامگیریی هەرێمی کوردستان
تێکبدەن گرووپی دیارن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر
بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە چەندبارەبوونەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە بکرێت"،
شۆڕش ئیسماعیل وا دەڵێت.
لە بارەی هێرشکردنە سەر پێشمەرگە شۆڕش
ئیسماعیل وتی "شەهیدبوونی پێشمەرگەکان هەموو تاکێکی
کوردی لە هەر شوێنێکی جیهان ماتەمبار کردووە و ئەو پرسەیە تەنیا پرسەی بنەماڵەیەک
نییە، بەڵکوو پرسەی هەموو خەڵکی کوردستانە، هیوایشی خواست هەرێمی کوردستان لە شەڕ
و ئاژاوە و پشێوی بەدوور بێت".