لە کاتێکدا پەرلەمانتاران ژمارەیەکی زۆر واژوویان کۆکردۆتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی عێراق و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران، مەسعود بارزانی داوای کاتی زیاتر دەکات بۆ گفتوگۆکردن.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان کە ٢٨ ی ئادار ئاراستەیکردوون، دەڵێت" پێمان وایە بانگەشەی ئێستا بۆ گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتر دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە ڕاوێژی زیاتر هەیە بۆ ڕەچاوکردنی مافی هەموو پێکهاتە سیاسییەکان بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنیان".
بارزانی باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە بەهۆیەوە داوای کاتی زیاتریکردووەو دەڵێت" لە سۆنگەی پەرۆشی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی عێراقمان و ئەو تەحەددییە چارەنووسسازانەی ئێستا ڕووبەڕووی داهاتوو و سیستەمە سیاسییەکەی بوونەتەوە بەهۆی جەنگی وێرانکاری ناوچەکە، لەم قۆناغە هەستیارەدا پەیامتان ئاراستە دەکەین بۆ زاڵکردنی زمانی لێکتێگەیشتن و پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور بۆ دوورخستنەوەی عێراق و گەلەکەی لە مەترسییەکانی".
لە نامەکەدا بارزانی جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی گفتوگۆ دووقۆڵی و بەکۆمەڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کارکردن بۆ سڕکردنی خاڵە ناکۆکەکان بە مەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بەپێی بنەماکانی شەراکەت، هاوسەنگی و تەوافوقی نیشتمانی.
" پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە جەختی لە گرنگی تێگەیشتنی لایەنەکان کردووەتەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی ئێمە سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار لە ڕێگەی لایەنە کوردییەکانەوە بێت بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ پێکهاتەی کورد". ( بارزانی وا دەڵێت).
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە کاندیدەکەی نزار ئامێدی لە کێبەرکێدایە لەگەڵ د. فواد حسێن، ئەندام پەرلەمانەکانی واژۆی ئەو یاداشتەیان کردووە کە داوا دەکەن بەزووترین کات پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت.
هەندێک سەرچاوەی نا فەرمی یەکێتی باس لەوە دەکەن کە ئەوان زامنی دەنگی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقیان کردووە کە کاندیدەکەیان دەربچێت.