نوێترین ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT، سەبارەت بە هێرشەکانی یەک مانگی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات کە ١٤ کوژراو و ٩٣ بریندار هەیە.
رێکخراوی cpt ئەمەریکی لە راگەیاندنێکیدا کە رۆژی یەک شەممە بڵاویکردەوە، هاتووە " (٤٧٤) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە سوپای پاسدارانی ئێران (١٧٩) هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق (٢٩٥) هێرشیان ئەنجامداوە و لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە (١٠٧) کەس بوونەتە قوربانی (١٤) کوژراو و (٩٣) بریندار".
لە بارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، رێکخراوەکە دەڵێت" زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان (٣٧٠) هێرش بووە کە ئەمەش ڕێژەی (٧٨،٠٦٪)ی هێرشەکان پێکدێنێت. (٩٠) هێرش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بووە کە ڕێژەی (١٨.٩٩٪)ی هێرشەکان پێکدێنێت. پارێزگای دهۆکیش بە ڕێژەی (٢.٣٢٪) هێرشی کراوەتە سەر کە (١١) هێرش بووە. پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا (٣) هێرش بووە و بەڕێژەی (٠.٦٣٪) هێرشی کراوەتە سەر.
لە بارەی ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج، تیمی کوردستانی عێراقی CPT دەڵێت" ئەگەرچی سوپای پاسدارانی ئیران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەواڵگرییەکان و گروپە شەڕکەرەکان بە ئامانجگیراون، بەڵام بەپێی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی، لەپاڵ کۆنسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوەی مەدەنی و ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران نەبووە".