باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەرکرد و داوای لێکردن دەستبەجێ خاکی عێراق جێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە کە هەڕەشەی جددی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان و ناوەندە ئەکادیمییەکان هەیە.
بەپێی بەیاننامە فەرمییەکەی باڵیۆزخانە مەترسییەکان تەنها بەغداد ناگرێتەوە بەڵکو زانیاری ورد هەیە لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە شارەکانی سلێمانی و بەغدا و دهۆک و هەولێریش، لەبەرئەوە ئاستی گەشتکردن بۆ عێراق گەیەندراوەتە پلەی چوار کە بە واتای قەدەغەی تەواوەتی گەشت دێت و داواش لە هاووڵاتیان کراوە بەهۆی مەترسی درۆن و مووچەکەوە لە باڵەخانەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان دوور بکەونەوە.
هەروەها، هۆشداریداوە لەوەی کە حکومەتی عێراق ڕێکاری توند بەرامبەر بە گروپە چەکدارەکان ناگرێتەبەر و ڕێگری لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا ناگرێت.
لەبەرئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیراون و ئاسمانی عێراق داخراوە، باڵیۆزخانەکە ڕێگەی وشکانی وەک تەنها بژاردە بۆ جێهێشتنی وڵات دەستنیشان کردووە و داوای کردووە هاووڵاتیان بەرەو سنوورەکانی ئوردن و کوێت و سعودیە و تورکیا بڕۆن، هاوکات جەختیشیان کردووەتەوە کە گروپە چەکدارەکان هەوڵی ڕفاندن و بە ئامانجگرتنی کۆمپانیا بیانییەکان و کەرتی وزە دەدەن.