وەزیری دەرەوەی عێراق: بڕیاری بەرگری تەنیا لای حکومەتە و ڕێگە بە هیچ گروپێک نادەین هێرش بکات

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند” گۆڕەپانی شەڕ بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و هۆشداری دا لەوەی کە سەروەری عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی هێرشی جیاواز بووەتەوە.” 

جەختیشی کردەوە کە تەنیا حکومەت مافی بڕیاردانی هەیە لەسەر پرسی بەرگری و هیچ گروپێکی چەکدار بۆی نییە هێرش بکاتە سەر لایەنی تر.

 ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕدا نییە و وەک دۆست دەیناسێت، هاوکات ئێرانیش بە وڵاتێکی هاوسێ و دۆست دەزانێت و دژی هەر هێرشێکە بۆ سەری.

هەروەها ڕوونی کردەوە کە بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ واشنتن و لایەنی ئەمریکی لە بارودۆخی هەستیاری ناوخۆی عێراق تێدەگات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا فوئاد حسێن هۆشداری دا لەوەی کە فراوانبوونی شەڕەکە مەترسی گەورەی بۆ سەر ئابووری جیهان دروست کردووە، بۆیە عێراق بە توندی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی هێورکردنەوەی قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و داوا دەکات هەموو لایەک پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن نەک بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر.



PM:10:30:29/03/2026