بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕێکارەکانی خوێندنی ئۆنلاین بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنوورەکەی کردووە، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن (ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین) لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان بڵاوکردەوە.

بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەتی لەسەرە، بڕیارەکان بەم شێوەیەن:

سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە ڕۆژانی سێشەممەدا سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن بە مەبەستی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ کارەکان.

دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن پابەند دەکرێن بە دەوامکردن لە ڕۆژانی سێشەممەدا، ئەمەش لەپێناو ڕاییکردنی ئەرکە کارگێڕی و فێرکارییەکان.

جەختکراوەتەوە لەسەر تۆمارکردنی وانەکان لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە.
بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئەرکی چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی کارەکانی مامۆستایانیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەمەش لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) یان ئەو گرووپانەی کە لەلایەن مامۆستایانەوە دروستکراون.

پێویستە ناوەندە پیشەییەکان ڤیدیۆی فێرکاری تۆمار بکەن و لە ڕێگەی گروپەکانی (واتسئەپ، تێلیگرام، ڤایبەر)ەوە بۆ سوودی مامۆستایان و قوتابیان بڵاوی بکەنەوە.

مامۆستایان دەبێت بە شێوەیەکی هەفتانە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە ئەنجام و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن و فیدباکی قوتابیان ئاگادار بکەنەوە.

ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوەندەکانی خوێندندایە و مەبەست لێی بەردەوامبوونی پرۆسەی فێربوونە بە شێوازە نوێیەکان.




AM:10:33:30/03/2026