وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێکارەکانی خوێندنی ئۆنلاین بڵاو دەکاتەوە


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان "ڕێکارەکانی تەواوکردنی پرۆسەی خوێـندن بەشێوازی ئۆنڵایـن و دیجیتاڵی" لە راگەیاندراوێکدا بڵاو کردەوە.

دوو شەممە، ٣٠ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند "ئاماژە بە کۆبوونەوەی نا ئاسایی ژمارە (٢) ی ساڵی (٢٠٢٦)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٩/٣/٢٠٢٦) بەشێوە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بفەرمون بە وەرگرتنی ڕێکارەکانی تەواوکردنی پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) بەم شێوەیەی خوارەوە": 

١- پڕۆسەی خوێندن لە ڕێکەوتی (٣٠/٣/٢٠٢٦) بەشێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە، بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیشەوە.
٢- دەسەڵات دەدرێتە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی شوێنی جوگرافی و تایبەتمەندی بەشە زانستییەکان بۆ گرتنەبەری هەر شێوازێکی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی و بەکارهێنانی یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان.

٣- سەرەڕای خوێندنی ئۆنلاینی ڕاستەوخۆ، زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە تەواوی وانەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەسەبەر بکەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەی کە بەکاری دەهێنن بۆ وانە وتنەوە.
٤- کۆلیجە پزیشکییەکان جگە لەو بابەتانەی کە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراکتیکی و تیۆرییەکانی تر دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەکان و بەردەوامی بەخوێندن بدەن.

٥- ئەو وانانەی کە بەشێوەی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ دەگوترێنەوە، پێویستە لەکاتی دەوامی فەرمی و خشتەی وانەکانی ڕۆژانە دابن، واتە نابێت بخرێنە دوای دەوامی فەرمی و شەوان.
٦- سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکان، ئەو وانانەی کە دەکرێت لەڕێگەی ئۆنلاین بوترێنەوە بەپێی پسپۆڕییە جیاوازەکان، ئەوا بەشێوەی ئۆنلاین دەگوترێنەوە، ئەو وانە پراکتیکیانەشی کە پێویستی بەناو کەمپەس دەبێت، زانکۆ چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەفتەکانی دواتر دەکەن بۆ ئەوەی لەکاتی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە لەناو کەمپەس وانەکان بوترێنەوە.

٧- سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، پێویستە لەسەر زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە بەپێی خشتەیەکی گونجاو بۆ هەر کۆلیج و بەشێکی زانستی تاقیکردنەوەکان ڕێکبخرێن، بەمەرجێک ڕەچاوی هاتوچۆی خوێندکارانی دەرەوەی شار بکرێت، لەهەمان کاتیشدا خشتەی کۆلیجەکان لەیەک کاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستی دروست نەبوونی قەرەباڵغی ناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان.
٨- کۆڕسی خولەکانی پێداگۆجی و سەنتەرەکانی زمان بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

٩- گفتوگۆی نامەکانی (ماستەر، دکتۆرا) هەروەک پێشتر وەزارەتمان بڕیاری لەبارەوە دابوو، تەنها سەرۆک و ئەندامانی لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەی گفتوگۆکە دەبن.
١٠- بەڕێوەبەرایەتی ئایتی لەسەرۆکایەتی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەرکی خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەکردنی هەر گرفتێکی تەکنیکی بۆ کۆلێج و بەشەکان و هاوکاری کردنی خوێندکاران و قوتابیان.

١١- بۆ هەر پرسێک کە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەی پێنەکراوە، ئەوا زانکۆ و پەیمانگەکان پەیوەندی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ناو دیوانی وەزارەت دەکەن بەمەبەستی ڕێوشوێنی کردنیان.




PM:02:43:30/03/2026