بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر وردەکاریی شەڕێکی لە شارەدێی کەورگۆسک ئاشکرا کرد, کاتژمێر ١٠:٥٠ـی شەوی ڕابردوو لە نێوان چەند خزمێکی نزیکدا ڕوویداوە و تێیدا ٦ کەس لە هەردوولا کوژراون و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس هۆکاری سەرەکیی ئەم پێکدادانە بۆ کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوان "خاڵ و خوشکەزا" دەگەڕێتەوە کە بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە پەنایان بۆ بەکارهێنانی چەک بردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو کارەساتە مرۆییە و شڵەژانی باری ئەمنیی ناوچەکە لە درەنگانێکی شەودا.
دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەست بە ڕێکارە یاساییەکان کراوە و پۆلیسی هەولێریش جەختی کردەوە کە یاسا سەروەر دەبێت و سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان دەگیرێنەبەر بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە.