شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە کە پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ و پێویستە چارەسەرییەکان لەسەر بنەمای دانوستان و بەرپرسیارێتی مێژوویی بن، چونکە بە وتەی ئەو چیتر سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە و قۆناغی گواستنەوە بەرەو ئاشتی و کۆماری دیموکراسی دەستیپێکردووە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی پەرلەمانی تورکیا کراوە و شاندەکە داوایان کردووە ئەو هەنگاوانەی دوای ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن دەنرێن بەبێ دواکەوتن بخرێنە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیرەوە.
ئۆجەلان دەڵێت'' کێشەی سەرەکی کەمکوڕییە لە دیموکراسیدا نەک خودی کۆمار، بۆیە پێویستە دەوڵەت ئەم پرۆسەیە وەک دەرفەتێکی مێژوویی ببێنێت نەک هەڕەشەیەکی ئەمنی و کار بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و سیاسەتی دیموکراسی بکرێت.''
ئۆجەلان لە هەڵسەنگاندنەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی ناوچەکە و ڕایگەیاندووە'' پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ئێران بایەخی ئەم پرۆسەیەیان زیاتر کردووە.'' ئەو پێی وایە "ڕێگەی سێیەم" کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە تەنیا زامنی داهاتوویە بۆ هەموو پێکهاتەکان.
هەروەها جەختی کردووەتەوە کە بەشداریکردن لە کۆماردا دەبێت لەسەر بنەمای ناسنامە، ئازادی ڕادەربڕین و مافی ڕێکخستن بێت کە ئەمەش مافێکی گشتگیرە بۆ هەموو کۆمەڵگە.
ئەم پێشهاتانە دوای زنجیرەیەک هەنگاوی مێژوویی دێن کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە دەستیپێکردووە، کاتێک پەکەکە بە دەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە چوو بۆ دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ئایاری ٢٠٢٥ بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا و هێزەکانیان لە تورکیا و ناوچەی زاپ کشانەوە، ئێستاش بە پێکهێنانی کۆمیسیۆنی تایبەت لە پەرلەمان، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو قۆناغێکی یاسایی و جێگیر هەنگاو بنێت.