کەشناسێک: دواین تاوە بارانی بەخوڕ ئەمڕۆ کۆتایی پێ دێت و لە سبەیەوە کەشوهەوا گەرم دەبێتەوە

شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند'' ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٦، ناسەقامگیرییەکی لاواز لە بەرگەهەوای ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە نێوان کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە کە ئەگەری دروستبوونەوەی هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ لە چەند ناوچەیەکی جیاواز هەیە.''

ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بارانبارینە زیاتر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک و هەردوو ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین دەگرێتەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەوە کاریگەری ئەو شەپۆلە کۆتایی پێدێت و ئاسمان بەرەو ساماڵبوون دەچێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنی قۆناغی بارانبارینە ناوبەناوەکانی ئەم دواییە.

بۆ سبەی چوارشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٦، پێشبینی دەکرێت کەشوهەوا بە تەواوی جێگیر ببێت و ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ بێت، هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٥ پلە بەرزدەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت، ئەم گۆڕانکارییەش کەشێکی گونجاو و سەقامگیر بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.




AM:11:01:31/03/2026