ئەمڕۆ بە هاوبەشی نێوان لیژنەکانی قایمقامییەتی پارێزگای دهۆک و کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان بڕیاریاندا، کە لەگەڵ بچرانی کارەبای نیشتیمانییدا مۆلیدە ئەهلییەکان، ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابین بکرێت.
سێ شەممە، ٣١ ئادار ٢٠٢٦، هەکار هروری، نوێنەری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، لە لیدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند "بڕیار دراوە کارەبای گشتیی بە هاوکاری مۆلیدەکان بکرێتە ٢٤ کاتژمێریی، هاوکات نرخی ئەمپێرێکیش زیاتر لە ١٢ هەزار دینار دەبێت".
لە دوای ٢٨ شوبات کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد، کارەبای ٢٤ کاتژمێریی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا کەمکرایەوە بۆ خوار ١٠ کاتژمێر، لە ئێستاشدا بڕیار دراوە، کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان وەک تەواوکاری کارەبای نیشتیمانیی کاریان پێبکرێت و ٢٤ کاتژمێر کارەبا بدرێتە هاوڵاتییان.