ئاک پارتی: ئیسرائیل دەیەوێت کورد دژی ئێران شەڕ بکات


وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی هەڵوێستی کورد لە بەرامبەر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەکات و دەڵێت "ئیسرائیل بەهەموو توانای خۆیەوە كاردەكات بۆ ڕاکێشانی برا کوردەکانمان بۆ ناو ئەم شەڕە"، و سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاند "هەموو هەوڵێک دەدەین تا وڵاتەکەمان لەم جەنگە بپارێزین".

چوار شەممە، ١ نیسان ٢٠٢٦، عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکەپە رایگەیاند "برا کوردەکانمان لە ئێران و باكوری عێراق زۆر ژیرانە مامەڵەیان كردووەو بەشداریكردنیان لەم شەڕ رەتكردووەتەوە، لە ئێران بە حیکمەتێکی زۆرەوە مامەڵەیان کردووە".

لە بارەی هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە وتەبێژەکەی ئاک پارتی بە "باکوری عێراق" ناوی دەهێنێت وتویەتی "بەهەمان شێوە برا کوردەکانمان لە باکوری عێراق ژیرانە مامەڵەیان کردووەو رەتکردنەوەی تەواوەتیان لەم شەڕە راگەیاندووە".

لە کۆتاییدا عومەر چەلیک دەڵێت "ئەم هەڵوێستە ژیرانەیەی برایانی کوردمان لە عێراق و ئێران، گرنگییەکی مێژوویی و سیاسیی زۆریان هەیە، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەی هەوڵی وروژاندنی ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا دەدەن".

لە لایەکی دیکەوە سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە جەنگی نێوان ئەمریکا  وئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ڕۆڵی وڵاتەکەی، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی پارتەکەیدا وتی "ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی راستەقینەی درێژبوونەوە و فراوانبوونی جەنگداین".

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، لە ئێستادا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتەکەی ئەوەیە تورکیا بە کەمترین زیان لەم قۆناغە تێپەڕێت و دەڵێت "پێداگیرین لەسەر ئەوەی وڵاتەکەمان لە ئاگری ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، بە دوور بگرین".

٣٣ رۆژە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە. 




PM:09:27:01/04/2026