لە دوو رووداوی جیادا ژنێک کوژرا و تەرمی ژنێکی دیکەش دۆزرایەوە

‌تەرمی ئەو ژنەی لە زێی گەوردا دۆزراوەتەوە

چالاکوانێکی مافەکانی ژنان بڵاویکردەوە کە "ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە دەستی دوو برای کوژراوە" لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لە لایەکی دیکەوە بەڕێوبەرایەتی شارستانی پارێزگای هەولێریش هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی لە رووباری زێی گەورەدا بڵاوکردەوە.

پێنج شەممە، ٢ نیسان ٢٠٢٦، شەدە بەشیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان رایگەیاند " بەیانی ئەمڕۆ ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی (ر.ج) لەنزیک ماڵی باوکی لەپڕۆژەیەکی نیشتەجێ بوون لەناحیەی شۆڕش بەدەستی دوو برای بەفیشەک کوژرا".

هەر لە بارەی ئەو رووداوەوە ئەو چالاکوانە ئاشکرایکرد کە "سەرچاوەیەکی ئاگادار لەرووداوەکە وتویەتی پێشتر براکانی ژنەکە و هاوسەرەکەی کێشەیان هەبوەو دۆسیەکەیان لەپۆلیس  هەبووە، لەبەر ئەوەی براکانی ژنەکە سەر بەهێزە ئەمنیەکانن، دوای رووداوەکە دۆسیەکەیان لەپۆلیسەوە گواستراوەتەوە بۆ ئاسایش".

دواتر و لە ڕووداوێکی دیکەدا بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٢٠ خولەک تیمەکانمان ئاگادار کرانەوە لە دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە نێو ڕووباری زێی گەورەدا و تیمەکانمان دەستبەجێ گەشتە شوێنەکە و تەرمەکەیان دەرهێنا".

لە راگەیاندراوەکەی بەڕیوبەرایەتیەکەدا هاتووە کە "تیمی ژێر ئاوکەوتنی شارۆچکەی خەباتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان  توانییان تەرمەکە دەربهێننەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادیان کرد".




PM:08:03:02/04/2026