بەڕێوبەری چاودێری بارزگانی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە نرخی گازی ماڵان باس لەوە دەکات "بوتڵێک گاز لە هەولێر نرخەکەی ٣١ بۆ ٣٢ هەزار دینارە" و لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەش لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ هەزاردایە.
پێنج شەممە، ٢ نیسان ٢٠٢٦، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر راگەیاند "نرخی لیتری گازی بازرگانی گەیشتووەتە هەزار و ٤٥٠ دینار، بەوەش بوتڵێک گاز لە نێوان ٣١ بۆ ٣٢ هەزار دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا گازی حکومی بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە".
"پێشتر رۆژانە ١٨ تەنکەر گاز دەگەیشتە هەولێر، بەڵام ئێستا تەنیا ٣ بۆ ٤ تەنکەر دەگات، ئەوەش وایکردووە بڕی گاز لە بازاڕدا ٪٨٠ کەمببێتەوە"، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر وا دەڵێت.
سەبارەت بە نرخی بوتڵی گاز لە پارێزگای سلێمانی بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت "گازی حکومی بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار جێگیرە، بەڵام نرخی بوتڵێک گازی بازرگانی لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار دیناردایە".
لە بارەی نرخەکە لە پارێزگای دهۆک بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە میدیاکانی راگەیاندوە کە "رۆژانە ٥ بۆ ٦ هەزار بوتڵە گازی حکومی دابەش دەکەن، بەڵام گازی بازرگانی گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥ هەزار دینار".
لە هەڵەبجەش بۆ رێگریکردن لە قەیران، دابەشکردنی گاز بەستراوەتەوە بە پسووڵەی خۆراکەوە. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت "گازی حکومی بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە، بەڵام گازی بازرگانی کە پێشتر ١٠هەزار بوو، ئێستا بووەتە ٢٥ هەزار دینار."