کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتوو راگەیەنرا

کەشناسێکی کورد پێشبینیەکان بۆ رۆژانی داهاتوو بڵاودەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە باران و هەورە بروسکە بەردەوامی دەبێت و جەست لە نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما دەکاتەوە.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە کە" سەرەتا ئەمڕۆ هەینی بەگشتی لەکاتەکانی دوای نیوەرۆوە لەشوێن و کاتی جیاوازدا ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ ئەبێت و ئەم ناجێگیریەش تا کاتەکانی بەرەبەیانی سبەی شەمە بەردەوامی ئەبێت و پاشان کەش و هەوا جێگیر ئەبێتەوە و پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا ٣ پلە نزمدەبنەوە".

ئەو کەشناسە دەشڵێت"  لە دوو سبەی رۆژی یەکشەمەوە لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بارستە هەوای سارد لەبەرگەهەوای ناوچەکەدا ناجێگیری لەکەش و هەوا دەستپێدەکاتەوە پێشبینی ئەکەین تا کۆتای ئەم هەفتە رۆژی هەینی بەردەوامی ببێت واتا بە درێژای ئەم هەفتەیە رۆژانە لەکات و شوێنی جیاجیادا بەتایبەت زیاتر لەنێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەری هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورت خایان ئەبێت و پلەکانی گەرماش بەدرێژای هەفتە بە جێگیری ئەمێنێتەوە و رێژەی خوار ئاسایی ئەبێت بۆ ئەم کاتەی ساڵ ،".

ئاراس جەبار راشیگەیاندووە"  ئەگەر هەیە لە شەمەی داهاتووەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک کەش و هەوای ناوچەکە جێگیربوونێک بەخۆیەوە ببینێت و پاشان شەپۆلەکانی بارانبارین بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێبکاتەوە بەتایبەت لەدوای ناوەراستی مانگەوە ".





PM:12:28:03/04/2026