بەرپرسێکی هەرێم رەخنەی توند لە پرسەدانان بۆ بەرپرسێکی پێشووی سەردەمی سەدام دەگرێت


بریکاری وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، بە توندی ڕەخنە لە داڵدەدانی تاهیر جەلیل حەبوش، بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی بەعس و مانەوەو مردن و پرسەدانان بۆی لە هەولێر دەگرێت. 

شیلان عارف، بریکاری وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، بە توندی ڕەخنە دەگرێت و پرسەدانان بۆ تاهیر جەلیل حەبوش بە "مردنێکی لەسەرخۆ" و سوکایەتی بە خوێنی شەهیدان وەسف دەکات.

شیلان عارف، کە خۆی کچە شەهیدێکی بێسەروشوێنکراوی سەردەمی بەعسە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت "ئەو حکومەتەی کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی بێگۆڕ دروستبووە، جێگەی داخە لە پایتەختەکەیدا پرسە بۆ بکەرانی قەتڵوعامکردنی کوردان دابنرێت."

لە درێژەی پۆستەکەیدا وتیشی "تاکو ئێستاش من بە ئاواتی ئەوەم بزانم گۆڕی باوکم لە کوێیە؟ بەردەوام سۆراغی ئێسک و پروسکی موبارەکت دەکەم. ئەمڕۆ بۆ من مردنێکی لەسەرخۆیە کاتێک دەبینم داڵدەدان و پرسە بۆ کەسێک دادەنرێت کە دەستی هەبووە لە ئەنفال، کیمیاباران و ئەشکەنجەی زیندانیانی ئەم گەلەدا."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، بریکاری وەزیری داد دەڵێت  "سەردەمێکی عەجایەبە؛ مردن بۆ جەلاد، میوانداری بۆ قوربانی و فاتیحاش بۆ ئەو دادپەروەرییەی هەرگیز نەهاتە دی!.

ئەمڕۆ هەینی سالم ئەلجومەیلی، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری بەعس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X مردنەکەی، دەڵێت" هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مزگەوتی جەلیل خەیات پرسەی بۆ دادەنرێت".

حەبوش یەکێک بوو لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکانی سەدام حوسێن و دەستێکی باڵای هەبوو لە تاوانەکانی ئەنفال، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١. لە کۆتا رۆژەکانی رووخانی رژێمی سەدامدا هەندێک زانیاری ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ناوبراو کاری سیخوڕی بۆ ئەمەریکا کردووەو زانیاری پێداون.

لەلایەکی ترەوە ناوبراو لە لیستی ئەو بەرپرسانەی رژێمی سەدامدا بوون کە حکومەتی ئەمریکا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی بدات.




PM:11:32:03/04/2026